بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند لە سبەیەوە هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی عێراق بەبیانووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو پەلەوەرخانەکانی، هاوردەکردنی مریشکی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە کرد.
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راگەیاند: "رۆژی چواری ئەم مانگە شاندێکی کشتوکاڵی عێراق هاتن بۆ هەولێر و خۆیان چوونە پەلەوەرخانەکان و سامپڵیان لە پەلەوەرەکان وەرگرت بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکان".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەمڕۆ پشکنینەکانمان لە بەغدا بۆ گەڕایەوە کە پاک و بێ کێشەبوون، سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە."
رۆژی 27-1-2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: "بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کردووە، تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن."